زۆر جار ڕادەمێنم لە مانای ئەم ئایەتە کە خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿ وَٱعۡلَمُوٓاْ أَنَّ ٱللَّهَ يَحُول…
انتشار: 2026/06/19 19:38 UTC
زۆر جار ڕادەمێنم لە مانای ئەم ئایەتە کە خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿ وَٱعۡلَمُوٓاْ أَنَّ ٱللَّهَ يَحُولُ بَيۡنَ ٱلۡمَرۡءِ وَقَلۡبِهِۦ﴾ واتا: چاک بزانن بەڕاستی خوا (زۆر بەئاسانی) دەتوانێت دەسەڵاتی بکەوێته نێوان ئادەمیزاد و (ئاواتەکانی) دڵیەوه و بیانگۆڕێت.ئینجا تێدەگەم کە ئەو لە دڵی مرۆڤ خۆی نێزیکترە لێی، قەت تەسەورت کردووە کە خوای گەورە لەپڕێکدا ورە و بڕیارت تێدا دەچێنێت؟، و قیبلەنمای هەوڵدانت بەرەو ئامانجێک ئاڕاستە دەکات کە هەرگیز بە خیاڵتدا نەهاتووە! و لە ناوەڕاستی بەڵا و ناخۆشیدا ڕێگایەکی ڕزگاربوونت پێ دەبەخشێت کە بە مێشکتدا نەهاتووە. هەر سەرکەوتنێک کە پێی گەیشتوویت، و هەر بەڵایەک کە لێی ڕزگارت بووە، بەهۆی عاقڵی خۆتەوە نەبووە، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە کە خوای گەورە فکرەی هەوڵدانی لە دڵتدا جێگیر کردووە و ئەندامانی جەستەتی بۆ کارکردن جوڵاندووە. ئێمە خاوەنی هیچ شتێکی دڵمان نین تەنانەت لێدانەکەشی، بەڵکو خۆشەویستی و ئارامی و گۆڕانی، هەمووی بەدەست ئەو زاتەیە کە لە خۆمان زیاتر لێمان زاناترە.بۆیە پێغەمبەری خوا زۆر ترساوە و زۆر فەرموویەتی: {يَا مُقَلِّبَ الْقُلُوبِ ثَبِّتْ قَلْبِي عَلَى دِينِكَ}.