چۆن بە تەنها دەبیتە ئوممەتێک؟ هاوەڵای خۆشەویست ئیبن مەسعوود وەڵامی ئەمەمان ئەداتەوە و ئەفەرمووێ: «م…
انتشار: 2026/07/08 15:35 UTC
چۆن بە تەنها دەبیتە ئوممەتێک؟ هاوەڵای خۆشەویست ئیبن مەسعوود وەڵامی ئەمەمان ئەداتەوە و ئەفەرمووێ: «موعازی کوڕی جەبەل بە تەنیا ئوممەتێک بوو، گوێڕایەڵ و موخلیس بوو بۆ خوای گەورە»، هەر وەک خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿إِنَّ إِبْرَاهِيمَ كَانَ أُمَّةً قَانِتًا لِّلَّـهِ حَنِيفًا﴾ واتە: بەڕاستی ئیبراهیم ئوممەتێک بوو، گوێڕایەڵ و دڵسۆز بوو بۆ خوای گەورە.ئەویش فەرمووی: «لەبیرم نەکردووە، ئایا دەزانی ئوممەت چییە؟ و گوێڕایەڵ کێیە؟» ووتیان: خوای گەورە زاناترە. فەرمووی: «ئوممەت: ئەو کەسەیە کە خێر و چاکەی فێرە خەڵک دەکات، و قانت و گوێڕایەڵی تەواو: ئەو کەسەیە کە گوێڕایەڵی خوای گەورە و پێغەمبەرەکەیەتی. موعازی کوڕی جەبەلیش خێری فێرە خەڵک دەکرد، و گوێڕایەڵی تەواوی خوای گەورە و پێغەمبەرەکەی بوو».ووتم: کاتێک ئیبن مەسعوود دەفەرموێت: موعاز ئوممەتێک بوو، مەبەستی ئەوە نەبوو کە ئەو گەلێک یان کۆمەڵێک مرۆڤ بوو بە جەستە، بەڵکو مەبەستەکەی بەم شێوازە ڕوون کردەوە: ئوممەت (الأمة): ئەو کەسەیە کە خێر و چاکە فێرە خەڵکی دەکات، ئەو کەسەی وەک سەرکردە و پێشەنگێک وایە لە چاکەکاریدا، بە جۆرێک کە کاریگەرییەکەی بەقەد کۆمەڵە خەڵکێک یان ئوممەتێک دەبێت.گوێڕایەڵ (القانت): ئەو کەسەیە کە بە تەواوی گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرەکەیەتی ﷺ و لەسەر ئەم عیبادەتە بەردەوامە.چۆن تۆش ببیته «ئوممەت»؟بۆ ئەوەی مرۆڤێک بە تەنیا هێز و کاریگەری ئوممەتێکی هەبێت، پێویستە ئەم سیفاتانەی تێدا بێت: فێربوون و بڵاوکردنەوەی خێر: تەنها بەوە نا کە خۆت بزانیت، بەڵکو کاتێک زانستێک، ڕەوشتێک، یان کارێکی چاکە فێری دەوروبەرت دەکەیت، تۆ دەبیتە سەرچاوەی ڕووناکی بۆ کۆمەڵگە. پێشەنگ بوون لە چاکەدا: کاتێک خەڵکی لە کاتی ساردبوونەوەدا تەماشای تۆ دەکەن و وزە و هاندانیان لێوە وەردەگرن بۆ کاری باشە. پابەندی و بەردەوامی (قونوت): دوورکەوتنەوە لە ڕیا و بەردەوام بوون لەسەر ڕێگای ڕاست و گوێڕایەڵی خوای گەورە، تەنانەت ئەگەر لەسەر ئەو ڕێگایەش بە تەنیا بیت.