ڕاپۆرتی بەرنامەی دوو ڕۆژەی یانەی شاخەوانی قەندیلی پیرانشار١١–١٢ی پووشپەڕیانەی شاخەوانی قەندیلی پی…
انتشار: 2026/07/05 09:09 UTC
ڕاپۆرتی بەرنامەی دوو ڕۆژەی یانەی شاخەوانی قەندیلی پیرانشار١١–١٢ی پووشپەڕیانەی شاخەوانی قەندیلی پیرانشار لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی، ١١–١٢ی پووشپەڕ، بەرنامەیەکی دوو ڕۆژەی شاخەوانی و خولی فێرکاری بەفر و سەهوڵ لە ناوچەی حاجی برایم بەڕێوەبرد. لەم بەرنامەیەدا ٢١ ئەندام لە چوارچێوەی سێ تیم بەشدارییان کرد.تیمی یەکەم و دووهەمتیمی یەکەم و دووهەم، کە پێکهاتبوون لە ١٨ ئەندام، ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتژمێر ٦:٣٠ی بەیانی بە دوو ئۆتۆمبێلی جیپ و یەک ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا لە پارکی خەیام بەرەو قوچی قەڵان بەڕێکەوتن.لە کاتژمێر ٨:٠٠ لە ئۆتۆمبێلەکان دابەزین و دوای نزیکەی ٤٠ خولەک ڕێپێوان لە ڕێگای ڕنوکانی گا بەڵەک، گەیشتینە ناوچەی کانی سپی (سەری گۆمێ). دوای هەڵدانی چادرەکان و خواردنی نانی بەیانی، لە کاتژمێر ١٠:٠٠ خولەکانی فێرکاری دەست پێکرا.بەشداربووان بە دوو گرووپ دابەش کران و هەردوو گرووپەکە لە ژێر چاوەدێری و فێرکاری مامۆستا محەممەدئەمین محەممەدی دەستیان بە خولەکانیان کرد.گرووپی یەکەم پێکهاتبوو لە ٩ کەس؛ ٨ فێرخواز و ١ کەس فێرخوازەوەی دووبارە، لە خولی فێرکاری سەرەتایی بەفر و سەهوڵیان کە لە دامێنی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاخی حاجی بەرایم دەستپێکرد.گرووپی دووهەم پێکهاتبوو لە ٨ کەس؛ ٤ ڕاهێنەری بەفر و سەهوڵ لە شارەکانی بانە و سەقز و ٤ ئەندامی یانەی قەندیل، کە لە شوێنێکی نزیک بە تیمی یەکەم، دووبارەکردنەوەی بابەتەکانی خولی پێشکەوتووی بەفر و سەهوڵیان ئەنجامدا.دوای چەندین کاتژمێر ڕاهێنان و جێبەجێکردنی وانە پراکتیکییەکان و پاش خواردنی نانی نیوەڕۆ، چالاکییەکانی ڕۆژی یەکەم لە کاتژمێر ٧ی ئێوارە کۆتایی هات. پاشان هەموو بەشداربووان لە کەمپ کۆبوونەوە و لە کەشێکی دۆستانەدا شەوخواردنیان خوارد.ڕۆژی دووهەملە کاتژمێر ٦:٣٠ی بەیانی هەموو بەشداربووان هەستان. دوای خواردنی نانی بەیانی، لە کاتژمێر ٨:٠٠ بەرەو شوێنی فێرکاری لە دامێنی شاخ بەڕێکەوتن.تیمی خولی سەرەتایی بەفر و سەهوڵ بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی وانە پراکتیکییەکان.لە هەمان کاتدا، تیمی فێرخوازەوەی دووبارەی خولی پێشکەوتوو، دوای وەرگرتنی ڕێنماییەکانی مامۆستا محەممەدئەمین محەممەدی، لە دەهلیزی بەفری باکووری ڕۆژهەڵاتی شاخ، کە لێژاییەکی زیاتر لە ٤٠ پلەی هەبوو، بە بەکارهێنانی کەلوپەلی تێکنیکاڵ و کرامپۆن، لە سێ گرووپی بچووک (کۆردە) دەستیان بە سەرکەوتن کرد و بە سەرکەوتوویی گەیشتنە بەرزی ٣٢٥٠ مەتری شاخی حاجی بەرایم و لە هەمان ڕێگا بە سەلامەتی گەڕانەوە.دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ، تیمی فێرکاری تا کاتژمێر ٤ی ئێوارە بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی بابەتەکانی خول. لە کۆتاییدا، مامۆستا ڕێنمایی و هەڵسەنگاندنی کۆتایی پێشکەش کرد، سوپاسی هەموو فێرخوازەکان و بەشداربووانی کرد و بە فەرمی کۆتایی بە خولەکە هێنا.پاش هەڵگرتنەوەی کەمپ، تیمەکان دووبارە بەرەو قوچی قەڵان گەڕانەوە و لەوێوە بە ئۆتۆمبێل بەرەو پیرانشار گەڕانەوە.تیمی سێهەملە هەمان ڕۆژدا (هەینی)، تیمێکی سێ کەسی یانە چالاکییەکی یەک ڕۆژەی شاخەوانی لە ڕێگای کۆنە لاجان ئەنجامدا. ئەندامانی ئەو تیمە لە ڕێگای دۆڵی حاجی بەرایم بەرەو سەری گۆمێ وەڕێ کەوتن، پاشان گەیشتنە لوتکەی گابەڵەک و لەوێوە بەرەو لوتکەی کۆرکی هەڵالان بەردەوام بوون لە کێوپێوانیان. دوای تەواوکردنی بەرنامەکە، لە ڕێگای دیاریکراو گەڕانەوە بۆ گوندی قەڵاتەڕەش.یانەی شاخەوانی قەندیلی پیرانشار سوپاسی مامۆستا محەممەدئەمین محەممەدی، هەموو ڕاهێنەران، فێرکاران و ئەندامانی یانە دەکات کە بە هەماهەنگی، پابەندبوون بە یاساکانی سڵامەتی و هاوکاری، بوونە هۆی سەرکەوتنی ئەو بەرنامەیە.بە هیوای بەردەوامبوونی ئەو جۆرە بەرنامە فێرکاری و شاخەوانییانە، وسوپاسی هەموو ئەو کەسانە کە بە هاوکاری و بە پابەندبوون بە بنەماکانی سڵامەتی و ڕۆحی کاری تیمی، بەشێکی گرنگ لە سەرکەوتنی ئەم بەرنامەیە بوون.سەرپەرشتی گشتی چالاکی: سەید تاهیر تەهازادەمامۆستای خول: محەممەدئەمین محەممەدییانەی شاخەوانی قەندیلی پیرانشار





