نەوەی تازەپێگەیشتوو و خواردنی خراپ و دەرمانی جوانکاریی!لەم سەردەمەدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی شاراوە و م…
انتشار: 2026/08/03 06:12 UTCدریافت: 2026/08/07 16:41 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/07 16:41 UTC
نەوەی تازەپێگەیشتوو و خواردنی خراپ و دەرمانی جوانکاریی!لەم سەردەمەدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی شاراوە و مەترسیدار بووینەتەوە کە ڕاستەوخۆ بەرۆکی گەنجان و نەوجەوانان گرتووە. گۆڕانی شێوازی ژیان و دوورکەوتنەوە لە سروشت وایکردووە نەوەی نوێ بکەونە ناو تەڵەی ژیانێکی دەستکرد و ناتەندروستەوە، ئەم لادانەش کارەساتێکی درێژخایەنە کە هەڕەشە لە ئایندەی مرۆڤایەتی دەکات.خووگرتنی کوڕان و کچانی تازەپێگەیشتوو بە خواردنە مارکێتی و لەقتوونراوەکان و ژەمە خێرا و ناتەندروستەکانی بازاڕەوە، سیستەمی بایۆلۆژی جەستەی بەتەواوی شێواندووە. ئەم جۆرە خۆراکانە پڕن لە ماددەی کیمیایی و پارێزەری زیانبەخش کە وردە وردە ژەهر دەکەنە جەستەوە.لەپاڵ ئەمەشدا بەکارهێنانی بێسنووری دەرمانە جوانکارییەکان و ماددە ئارایشییەکان، بووەتە هۆی تێکچوونی باڵانسی هۆڕمۆنەکان و لاوازبوونی سیستەمی بەرگری. ئەم هێرشە دوولایەنەیەی خۆراکی خراپ و جوانکارییە کیمیاییەکان گەورەترین مەترسییان لەسەر نەوەی داهاتوو دروستکردووە، بەجۆرێک زانایان هۆشداری دەدەن کە ئەم شێوازە ژیانە دەبێتە هۆی شێواندنی جیناتەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەزۆکی و لەدایکبوونی منداڵی ناتەندروست و وێرانبوونی جەستە، کە دواتر دەبێتە گەورەترین کارەسات لەسەر کۆمەڵگەکان و داڕمانی جەستە و بوونیادی مرۆیی.بەداخەوە پێوەرەکانی جوانی و قبوڵکردن لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا تووشی داڕمانێکی سەیر بوون. ئێستا مرۆڤەکان تەنها بە ڕەنگی پێست و شێوەی لوت و ئەستووری لێو و ڕێکخستنی جەستەیان هەڵدەسەنگێندرێن، ئەم تێڕوانینە ڕووکەشەش وایکردووە بەهای ڕاستەقینەی مرۆڤ و جوانییە ناوەکییەکان بەتەواوی ون ببن.کاریگەرییەکانی ئەم هەموو تێکچوونە جەستەیی و دەروونی و کۆمەڵایەتییە لەناو خێزانەکاندا بەڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. کاتێک بنەمای دروستبوونی خێزان لەسەر شێوەیەکی ڕووکەشی کاتی بونیاد دەنرێت، بێگومان تەمەنی ئەو پەیوەندییە کورت دەبێت. لە ڕاستیدا خودی ئەم جۆرە لە جوانکارییە دەستکرد و کاتییانە جۆرێکە لە هەڵخەڵەتاندن و خیانەتکردن لە بەرامبەر، چونکە وێنەیەکی ساختە پیشان دەدات کە دوورە لە ڕاستییەوە. کاتێک پاش هاوسەرگیری پەردەی ئەم ڕووکەشییە لادەچێت و ڕاستییەکان دەردەکەون، بنەمای متمانە لەنێوان ژن و مێرد بەتەواوی دەڕووخێت. ئەم فێڵە شاراوەیە هۆکارێکی ڕاستەوخۆ و سەرەکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری زۆر لاواز بێت و ڕێژەی تەڵاق بەشێوەیەکی ترسناک زیاد بکات، چونکە ڕۆحەکان خاڵین و پەیوەندییەکەش لەسەر بنەمایەکی درۆینە دروستبووە.
