یادداشت: عەبدولقادر نیازیتێکەڵبوونی هێزی ڕۆژئاوا و سوپای سووریە: دەرفەت یا مەترسی؟ــــــــــــــت…
انتشار: 2026/08/22 22:40 UTCدریافت: 2026/08/23 05:51 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/23 05:51 UTC
یادداشت: عەبدولقادر نیازیتێکەڵبوونی هێزی ڕۆژئاوا و سوپای سووریە: دەرفەت یا مەترسی؟ــــــــــــــتێکەڵبوونەوەی هێزی ڕۆژئاوا لەگەڵ سوپای سووریە، تەنیا ڕووداوێکی سەربازی یا بەرهۆکارییەکی تاکتیکی نییە، بەڵکوو گواستنەوەی قووڵتری هاوسەنگی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کە سووریە، تورکیە، ئیسڕائیل، PKK و هەرێمی کوردستان، ڕاستەوخۆ دەخاتە نێو هاوکێشەیەکی ژێئۆپۆلێتیکییەوە جۆرێک کە هیچ گۆڕانکارییەکی ناوچە بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەندییەکانی نێوان ئەو هاوکێشەیە چێ ناکرێ. دەبەستێنی ڕێئاڵ پۆلێتیکی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، کە توانایی گۆڕینی دەسەڵاتی سەربازی بۆ دەسەڵاتی سیاسی، پەیوەستە بە پڕستیژی سیاسی، خۆی کێشەیەک بووە کە نەک ڕۆژئاوا بەڵکوو کورد بەگشتی، بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو تووشی بووە بەڵام بە هەندێ هۆکاری سیاسی و ستڕاتژی حکوومەتەکانی ناوچە، گواستنەوەی ئەو تواناییە بۆ مسۆگەرکردنی یاسایی و دەستووری و مافی سیاسی کورد نەلواوە. لەو ڕووەوه، تێکەڵبوونەوە لەگەڵ سوپای سووریە، خۆی دەخۆیدا نە سەرکەوتنە نە شکست، بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسییە و بەهای ژێئۆئستڕاتژیکییەکەی، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دەستکەوتە سیاسی و لۆجێستیکییەکان و ئەوەیکە دە درێژخایەندا بگۆڕدرێ بۆ ماف و یاسا و دەستوور بۆ کورد لە ڕۆژئاوا، ڕەنگە وەک پێشکەوتێکی ستڕاتژی بکرێ لێی بڕوانرێ بەڵام ئەگەر تێکەڵبوونەوە، تەنیا ڕۆڵی نێوانگرێک بگێڕێ بۆ ئیزۆلەبوون و لەدەستدانی هێز لە ڕۆژئاوا، ئەوکات کۆتایی ئەزموونێکی سیاسییە نەک پێکهاتنی دۆخێکی تۆپۆ/پۆلێتیکی بۆ کورد. ئەوەی گرینگە و شیاوی سەرنج ئەوەیە کە دەو دۆخەدا، PKK و تورکیا ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕن دەو بوارەدا. دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا لەلایەن تورکیەوە پەیوەست کراوە بە دۆخی نێوخۆی تورکیە. ئەویش کاتێ کە تورکیە هەر ڕێکخستنێکی کوردی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، وەک هەڕەشەیەک بۆ ئاسایشی ناوخۆیی دەبینێ، بۆیە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بتوانێ PKK لە شێوەی سەربازییەوە بگوازێتەوە بۆ بوونێکی سیاسی، ئەوا دۆخی کورد لە چوارچێوەی کێشەی ئاسایشەوە دەگۆڕێ بۆ پرسی سیاسی و دەستووری لە ڕۆژئاواش دا، کە چارەسەری تێیدا لە ڕێگەی گفتوگۆ و یاساوە دەست دەکەوێ نەک چەک و سنوور. وێڕای ئەوە، پشتگوێ خستنی ئیسڕائیل وەک هێزێکی دەرەکی، بەهیچ شێوەیەک بە واتای نەبوونی شوێندانەری ئەو لەسەر بارودۆخی کورد نییە لە ڕۆژئاوا. بەمەرجی بەسیاسی و یاسایی کرانی مافی کورد لە سووریە و تورکیە، وێناچێ ئیسڕائیل بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی لە کورد بکا بەڵکوو، بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کورد دەجووڵێتەوە ئەویش کاتێ ئەگەری هاتنەئارای شەڕ لە نێوان ئیسڕائیل و تورکیەدا هەیە ئەو ستڕاتژییەی ئیسڕائیل لە بەرامبەر کورددا ڕەنگە بەهێزتریش بێ. ئەوەی بۆ کورد لێرەدا ڕوو دەدا ئەوەیە کە لە ئەگەری توندبوونی ململانێی تورکیە و ئیسڕائیل لە سووریەدا، کورد دەکەوێتە نێو دۆخێکی دووانەیی و دوو جەمسەرییەوە. لە لایەک بۆشاییەکی نوێ بۆ مانۆڕی تاکتیکی و ستڕاتژی کورد دەکرێتەوە و لە لایەکی تریشەوە مەترسی ئەوە هەیە کە کورد دیسان ببێتە کارتێکی ململانێیی هێزە دەرەکییەکان. لەو ڕوانگەیەوە ستراتیژی ژیرانە لەلایەن کورد نە وەک بەشێک لە ململانێی تورکیە و سووریە و ئیسڕائیل بەڵکوو توانای مانۆڕ لێدان لە نێوان لایەنەکاندا و پاراستنی پڕستیژی سیاسی و لۆجێستیکییە ئەویش کاتێ کە حکوومەتی هەرێم، بەهۆی تێکەڵاوی دەستووری و دامەزراوەییەوە خۆی دەو دۆخەدا تەواو پوتانسییەلێکی سیاسی و ژێئۆپۆلێتیکییە، بەڵام پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، تورکیە و ئێران و کێشەی PKK لە سنوورەکانیدا، دەریخستووە کە داهاتووی ڕۆژئاوا و باشوور، بەهیچ شێوەیەک دوو کێشەی لێک جودا نین، بەڵکوو دوو ڕووی ئاڵوگۆڕێکی ژێئۆپۆلیتیکین کە دە پلەتفۆڕمی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا گونجێندراون و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە کێشەی بنەڕەتی کورد دەوەدایە کە لەلایەک نەیتوانیوە ببێتە سووژەی سیاسی ژێئۆپۆلیتیک و لەلایەکی تریشەوە هێزە دەرەکییەکان وەک ئامرازێک بۆ گۆڕینی هاوسەنگی و باڵانسی سیاسی خۆیان بەکاریان هێناوە، نەک وەک پڕستیژێکی سەربەخۆ. دەو دۆخە پێش بینی نەکراوەی سووریەدا، پرسیارەکە ئەوە نییە کێ لەگەڵ کورد یا دژییەتی، بەڵکوو ئەوەیە کە کورد چۆن دەتوانێ لە نێوان هێزەکاندا ببێتە سووژە نەک ئامراز یا کارت؟ وڵام هەرچی بێ، لە توانای گۆڕینی هێزەوە لەلایەن کوردەوە دەست پێدەکا بۆ دەستوور، یاسا و دیپلۆماسی. ئەگەر کورد بتوانێ ئەو گواستنەوەیە بە ئەنجام بگەیێنێ، تێکەڵبوون لەگەڵ سوپای سووریە دەبێتە دەروازەی قۆناغێکی نوێ، نەک کۆتایی. داهاتووی ژێئۆپۆلێتیکی ڕۆژئاوا بەوە مسۆگەر دەگرێ کە خۆی وەک بەرهەمهێنەری هاوسەنگی هێز بێنێتە ئاراوە نەک وەک بەرهەمی هاوسەنگی.


