لە بابەت مژاری «ڕێنووس»ـەوە، بە بڕوای من، کتێبی «ڕێنووسی کوردی»، بەرهەمی خوالێخۆشبوو عەتا بەرفی (چا…
انتشار: 2026/08/15 21:12 UTCدریافت: 2026/08/16 14:40 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/16 14:40 UTC
لە بابەت مژاری «ڕێنووس»ـەوە، بە بڕوای من، کتێبی «ڕێنووسی کوردی»، بەرهەمی خوالێخۆشبوو عەتا بەرفی (چاپ اول، نشر احسان،1377)، لە زۆربەی هەرە زۆری ئەم کتێبانەی تا ساڵی 1400، لە لایەن نووسەران و لێکۆڵەرانی کوردستانی ئێران بەرهەم هاتوون، لە پێوەندی لەگەڵ «ئاوڕدانەوە لە دەسکەوتەکانی زمانناسی لە نووسینی ڕێنووسدا»، بەپێزتر و بەهێزترە؛ ئێستاشی لەگەڵدابێ، جیا لە کتێبی ڕێنووسی کوردی، نووسراوەی ڕێزدار دیاکۆ هاشمی، واتە «پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی»(سۆئێد،2021) و بەتایبەت کتێبی «بەرەو ڕێنووسی پێوەری کوردی»(چاپەمەنیی مانگ، 1401)، لە نووسینی دوکتۆر بێهرووز چەمەن ئارا، کە هاوسەنگ و هاوتای ئەم کتێبەی خوالێخۆشبوو عەتا بەرفی لەئەژمار دێن و تەنانەت لە زۆر بابەتەوە وردەکاری و وردبینی و شڕۆڤەی پتری زانستییان هاوپێچ کراوە (بەتایبەت کتێبەکەی دوکتۆر بێهرووز چەمەنئارا)، کتێبەکەی خوالێخۆشبوو عەتا بەرفی(جیا لە دوو کتێبی گۆرین) لە تێکڕای کتێبەکانی تری ئەم بوارە، زانستیتر و شێوازمەندترە و بە ڕاشکاوی خاوەنی پلە و پێگەی سێهەمە لە نێوان سەرجەم ئاسەواری هاوشێوەی خۆی لە کوردستانی ئێراندا.کەسایەتییەکی پایەبەرزی سەقزی کە لە بواری زمانناسیدا زۆر شارەزا، توانا و زانایە و گەلێک ئاسەواری بەپێزی خوڵقاندووە، مامۆستای ڕێزدار دوکتۆر حەمید حەسەنیـیە، کە دوکتۆرای زمان و ئەدەبی فارسی هەیە و لێکۆڵەری پایەبەرزی گرووپگەلی جیا جیای وەک: «فەرهەنگ نووسی»، «ڕێزماننووسی»، «زانستنامەنووسی»، «ویراستاری» و «وەزن و کێشی شێعر»ـە، لە «فرهنگستان زبان فارسی ایران»ـدا و لە بواری فەرهەنگنووسیش ئاسەواری بەپێزی ئافراندووە و یەکێک لە هاوکاران و هەڵەچنان و ویراستارانی سەرەکیی «فرهنگ سخن» بووە کە زانستیترین و سەردەمیانەترین و شێوازمەندترین و کامڵترین فەرهەنگی وشەی فارسییە. هەروەها دوکتۆر حەمید حەسەنی، لە بواری کێش و سەروادا و لە زانستی «عروض و قافیە»دا بە شێوازی زمانناسانە، یەکێک لە لێکۆڵەران و خاوەنڕایانی ناسراو و زانا و شارەزای ئێران لە ئەژمار دێ. دوکتۆر حەمید حەسەنی، زاناترین و شارەزاترین و پڕبەرهەمترین پێداچۆرەوە/بژارکار/ویراستاری کوردی ئێرانییە کە پێداچوونەوەی بۆ پتر لە 100 کتێبی زۆر گرینگی ئەدەبی و زمانەوانی کردووە. هەروەها هیچ کوردێکی ئێرانی بە ڕادە و ڕێژەی ئەو، بەرهەمی بەشێوەی وتاری زانستی- لێکۆڵینەوەیی لە زانستنامەکاندا لێ چاپ و بڵاونەبۆتەوە؛ تەنیا وتارە زانستییەکانی کە بۆ «دانشنامەی زبان و ادب فارسی» نووسیوە و لەوێدا بڵاوبوونەوە، پتر لە 100 وتاری بەهێزی زانستی- لێکۆڵینەوەیین. ئەو مامۆستا پایەبەرزە هەروەها لە نووسینی چەندین کتێبی ناسراوای زانستیدا، هاریکار و ڕاوێژکاری زمانناسان و دەستوورنووسانی هەرە ناسراوی ئێرانی وەک: دوکتۆر خوسرەو فەڕشیدوەرد و دوکتۆر عەلی ڕەواقی بووە. ئەم مامۆستا بەناوبانگە، هەروەها ئەندامی کۆڕی زانستیی «موسسە لغتنامەی دهخدا»ـیە و لە هاوکاران و لێکۆڵەرانی سەرەکیی ئەم ناوەندە زانستییە گەورەیە لە ئەژمار دێ.لەم بەستێن و بوارەدا، مامۆستا عومەر فاڕووقی، دوو بەرهەمی وەرگێڕاوە کە دەکەوێتە جەغزی زانستی «زمانناسیی مێژوویی»ـیەوە، واتە وەرگێڕانی: «ئەوێستا» و وەرگێڕانی «کارنامەی هەردەشیری بابەکان».کەسایەتییەکی دیکەی سەقزی کە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی لە بواری زمانناسی نێوانڕشتەیی دایە، خاتوو دوکتۆر چیمەن فەتحییە کە دوکتۆرای ئەدبیاتی فارسی هەیە و مامۆستای زانستگایە و زۆر وتاری زانستی-لێکۆڵینەوەیی بەپێزی نووسیوە، لە بواری ئەدەبی بەرواردکارانەی کوردی و فارسی لە گۆشەنیگای گوتارناسیی زمانەوانی-فەلسەفییەوە. وتارەکانی لە بابەت هەڵسەنگاندن و بەراوردی گوتارناسانەی شێعری ژیلا حوسێنی لەگەڵ فرووغ فەڕڕوخزاد، هەروەها هەڵسەنگاندنی گوتارناسانە و هێڕمۆنیتیکی و زمانەوانانەی ڕۆمانی دوایین هەناری دونیای بەختیار عەلی و زۆر بابەتی تری هاوشێوەن. یەکێک لە توخمە بەرچاوەکان لە لێکۆڵینەوەکانی ئەودا، جیا لە بواری زمانناسانە و گوتارناسانەی دەق، گرینگیدانی تایبەتە بە فەلسەفەی هونەر.لە بواری فەرهەنگنووسیدا، وەک لقێک لە لقەکانی زمانناسیی کردەیی، دەکرێ ئاماژە بە فەرهەنگی ناهید بکەین لە دانان و گردوکۆیی ڕێزدار محەممەد ناهید. ئەم فەرهەنگە ئەم وشە و زاراوانەی لەخۆگرتووە کە یان لە هەنبانە بۆرینەدا نەهاتوون، یان هاتوون بەڵام مانای تریشیان هەیە.هەر لەم بوارەدا، ئەنجوومەنی ئەدەبیی«پەیف»، لە حەفتاکان و هەشتاکانی هەتاویدا، دەورێکی گرینگی هەبووە لە پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی شڕۆڤەکارانەی زانستی، ئەدەبی و زمانەوانی، بۆ شڕۆڤە، لێدوان و هەڵسەنگاندنی ئاسەواری ئەدەبیی نووسەران، شاعیران، چیڕۆکنووسانی کلاسیک و سەردەمی کورد بە ئاوڕدانەوە لە دەستکەوتەکانی زانستی زمانناسی و گوتارناسی و هێڕمینیوتیکی دەق؛ بەتایبەت ئەندامی هەڵسووڕا و ئۆگری بواری زمانەوانی لەو ئەنجوومەنەدا، ڕێزدار ڕەزا شەجیعی.

