ئایا ناوی منداڵەکەت ئیسلامییە یان عەرەبی؟(تێبینی: ئەم وتارە پێش چەند ساڵێک بڵاوکراوەتەوە بەڵام لەبە…
انتشار: 2026/07/23 17:38 UTC
ئایا ناوی منداڵەکەت ئیسلامییە یان عەرەبی؟(تێبینی: ئەم وتارە پێش چەند ساڵێک بڵاوکراوەتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی کە زانیاری زۆر زیاتر لەسەر ناوی ئاینیی کوردیی دێرین و چەند بابەتێکی تری گرنگ دۆزرایەوە، بە دەستکارییەکی زۆر و ناونیشانێکی تۆزێک جیاوازەوە لێرەدا دانراوەتەوە)کە منداڵ بووم پیاوێکی خزممان هەبوو، هەرچەند منداڵی ببوایە ناوی عەرەبی لێدەنا. برا گەورەکانم زۆرجار لێیان دەپرسی کە بۆ ناوی کوردی لە منداڵەکانی نانێت. ئەویش دەیگووت "ئەبێت ناوی منداڵەکانم ئیسمی بن". ئەو پیاوە بەڕێزە بە زمانە سادەکەی خۆی مەبەستی لەوە بوو دەبێت ناوی منداڵەکانی عەرەبی و ئیسلامی بن. ئەو بۆچوونەی ئەو کابرایە مایەی سەرسوڕمان نیە، لەبەر ئەوەی کە ئەمڕۆ زۆرکەس بە زمانێکی تر هەر هەمان بۆچوونی ئەویان هەیە. جا با بزانین ئەم ناوە عەرەبیانە ناوی ئیسلامین؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بابەتە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای شارستانیەتی مرۆڤایەتی.بنەچەی بەستنەوەی ناوی خودا بە مرۆڤەوە، دیاردەیەکی مێژوویی زۆر دێرینە و بۆ سەرەتای شارستانیەت دەگەڕێتەوە. سۆمەریەکان چەندین ناویان هەبووە کە پەیوەست بوون بە خوداوە. بۆ نموونە: "دینگر ئامەمو" واتاکەی دەبێتە (خودا دایکمە) و لە زمانی ئەکەدیشدا دەردەکەوێت بە شێوەی "ئیلی ئەبی" (خودا باوکمە) کە لە عەرەبیدا دەبێتە "اله ابي".لای ئاشوریەکانیش زۆرجار ناوە کەسییەکانیان ناوی خودای تێدایە. ئەوان بە خودا دەڵێن "ئیلو" کە لە زمانی عیبریدا وەک "ئیل" دەردەکەوێت و لە عەرەبیدا بە شێوەی "ئیلاه/اله" و پێش ئاشوریەکانیش زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر لای ئەکەدیەکانیش کە لە ڕووی فەرهەنگ و زمانەوە خزمن لەگەڵ ئاشوری و جوو و عەرەب، هەر بە شێوەی "ئیلو" دەرکەوتووە. بەو جۆرە شەماش ئیلی، ماناکەی دەبێتە (ڕووناکی خودا) کە شێوە عەرەبیەکەی بە مانایەکی نزیک، دەبێتە "شمس الله". مێژووی ئیسلام ناوی چەندین کەسایەتی تێدایە کە هیچیان لە بنەچەدا مسوڵمان نەبوون و ئەو ناوانەیان وەختێک هەبووە کە "بتپەرست" بوون. لە ڕاستیدا زۆرینەی ناوە عەرەبیەکانی ئەمڕۆی وەک (عەبدولکەریم، عەبدوڵا، عەبدول ئیلاه،.....) کە خەڵک وەک ناوی ئیسلامی سەیریان دەکەن، ناوی سەردەمی پێش ئیسلامن و هیچ پەیوەندیان بە ئاینی ئیسلامەوە نییە. واتە ئەو (اله/الله) ی لە ناوە عەرەبیەکاندا هەیە، بۆ ئاماژە بە خودای تاک و تەنیا نەبووە. بەڵگەی ڕوونی ئەوە، ئاینی ئیسلام خۆیەتی کە بەپێی سەرچاوەکانی ئاینەکە، عەرەب لە پێش ئیسلامدا یەکتاپەرست نەبوون لە هەمان کاتدا ئەو ناوانەیان هەبووە. کوردیش لە ڕابردووی نزیک و پێش ئیسلامیشدا ناوی ئاینیی هاوشێوەی هەبووە کە پەیوەست بوون بە خوداوە. بۆ نموونە میتراداتە/میهرداد کە مانای (بەخشینی خودای میترا) دەدات لە سەردەمی مادەکاندا هەبووە و ئەمڕۆش میهرداد لە کوردیدا ماوە کە بە مانایەکی نزیک، لە عەرەبیدا دەبێتە (عطاء الله). هەروەها ناوەکانی وەک بەندامیهری و میهرابەندەک/میترابەدەنک و هەستامیهری و میهراکی/میتراک لە سەردەمی ماد و تا سەردەمی ئیسلامیش تۆماریان هەیە لە کوردستاندا. لە ڕاستیدا میترابەندەک (بەندەی میترا) لەگەڵ عەبدوڵا (عەبدی الله) ی عەرەبی هیچ جیاوازی نیە، لەبەر ئەوەی ناوە عەرەبیشەکەش هی پێش ئیسلامە و مەبەست لێی خودای تاک و تەنیا نیە. جا سەیرکەن عەرەب چۆن ئاین بەکاردەهێنێت بۆ عەرەبگەری و گێلکردنی نەتەوەکانی تر. کە عەرەبەکان گەیشتنە بەغداد، ناوی شارەکە هەزاران ساڵ پێش ئەوان تۆماری هەبوو، سەرەڕای ئەوە ئەوان ویستیان ناوەکەی بگۆڕن. ئەوان قبوڵیان نەبوو و هەوڵیان دا بیکەن بە (مدینة السلام) شاری ئاشتی. بەهانەکەیان ئەوە بوو کە ئەوان پێیان وابوو (بەگ) ی مادی کە ئەوان بە (بغ) گۆیان دەکرد و بەشێک بوو لە ناوەکە، مانای (بت) ی دەدا. ئەمە هەر قسە نیە، لە هەندێک کۆڕدا کە خەڵک گوتوویەتی بەغداد، یەکسەر بۆیان ڕاستکردۆتەوە و گووتیانە ئەو ناوە قبوڵ نیە لەبەر ئەوەی کە بۆ (بەگ) بتە و ئەمە سەرچاوەی هەیە. لە ڕاستیدا لەوەدا ڕاستگۆ نەبوون لەبەر ئەوەی کە لە زمانی مادیدا (بەگ) مانای (خودا، کەسی گەورە) دەدات و ئەمڕۆ لە کوردیدا تەنها مانای دووهەمی (بەگ) ی ماوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە (بەگ) لە زمانی مادیدا ئاماژە بووە بۆ خودا لە سەردەمێکدا کە خوداکان بت بوون نەک وشەکە ماناکەی وابێت. ئەگەر بەپێی ئەم پێوەر و بۆچوونەی عەرەب بێت بەرامبەر ناوی شاری بەغداد کە لە ئاستی خەلیفەدا ئەو بۆچوونە بڵاوبووە و کە ناوێک ئاماژەی خودای تێدا بێت و مەبەست لێی خودای تاق و تەنیا نەبووبێت، ئەوان ڕەتیان کردۆتەوە، ئەوا هەموو ناوەکانی وەک عەبدوڵا و شەمسوڵا و عەبدول ئیلاه و ناوە هاوشێوەکانی تر، لە بنەچەدا بۆ خودای تاک و تەنیا دانەنراون و بەپێی بۆچوونی عەرەبە موسوڵمانەکان، دەبێت ڕەتبکرێنەوە.

