کوردبوون؛ لە ناسنامەوە تا بەرپرسیارێتی!کوردبوون تەنیا ناسنامەیەک نییە؛ ئەرک و بەرپرسیارێتییە.تاکی ک…
انتشار: 2026/08/21 06:46 UTCدریافت: 2026/08/21 07:15 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/21 07:15 UTC
کوردبوون؛ لە ناسنامەوە تا بەرپرسیارێتی!کوردبوون تەنیا ناسنامەیەک نییە؛ ئەرک و بەرپرسیارێتییە.تاکی کورد دەتوانێت موسڵمان بێت یان بێباوەڕ، ئایینی بێت یان سێکۆلار، باوەڕی بە پارتێکی سیاسی هەبێت یان لە دەرەوەی حیزبەکان سەربەخۆ بژی. دەکرێت لە سیاسەت، ئایین، ئایدیۆلۆژیا و شێوازی ژیاندا جیاوازیمان هەبێت؛ بەڵام پێش هەموو ئەو جیاوازییە ڕووکەشانە، بنەمایەکی هاوبەش هەیە: کوردبوون.کەواتە پرسیاری سەرەکی تەنیا ئەوە نییە:«ئایا من کوردم؟»پرسی مەزنتر و قووڵتر ئەوەیە:ئەگەر کوردم، لە ئاست ئەم کوردبوونەدا چ بەرپرسیارێتییەکم لە ئەستۆ گرتووە؟گوتنی «من کوردم» ڕاگەیاندنی ناسنامەیەکە؛ بەڵام بە تەنیا مانەوە مسۆگەر ناکات. مرۆڤ لە دۆخی سەختدا تەنیا بە گوتنی «زیندووم» ڕزگاری نابێت؛ بەڵکوو پێویستی بە ئاو، خواردن و شوێنی مانەوە، ئاگایی و کردار هەیە. کوردبوونیش هەر ئەوەیە. ئەگەر ئەو ناسنامەیە هیچ ئەرکێک بۆ تاک دروست نەکات، زمان، مێژوو و یادەوەریی کۆمەڵایەتیمان لە دەست دەچن.ئەگەر کورد، دەرفەتی مانەوە، پاراستنی خاک و بەردەوامیی ناسنامەی دەستەجەمعیی خۆی لە دەست بدات، هیچ کام لە سەروەت، حیزب، سیاسەت، ئایین، بێباوەڕی، ئایدیۆلۆژیا، یان تەنانەت گوتنی «من کوردم»، بە تەنیا ناتوانن مانەوەی نەتەوەیەک دەستەبەر بکەن.گرنگتر لەوە:ڕەنگە ئەمڕۆ هەموو شتێکت هەبێت؛ بەڵام ئەگەر بەستێنی گواستنەوەی بۆ داهاتوو نەبێت، هەموو ئەوەی هەتە، بەڵێنی داهاتوو نییە.ئەگەر خاک و دەرفەتی مانەوە نەبێت، سەروەتەکەت چی ڕزگار دەکات؟ئەگەر دەرفەتی پاراستنی زمان و فەرهەنگ نەبێت، حیزب و سیاسەتەکەت چی دەپارێزن؟موسڵمان بیت یان بێباوەڕ، چەپ بیت یان ڕاست، سەربەخۆ بیت یان پاشکۆ؛ هیچ کامیان بە تەنیا زامنی مانەوەی نەتەوەیەک نین.چونکە هەموو ئەوانە کاتێک مانایان هەیە کە بەستێنێک بۆ مانەوە بوونی هەبێت.ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە، ئەمانەتە؛ نەک زامنی داهاتوو.هەروەک چۆن تەمەنی مرۆڤ ئەمڕۆ لە دەستی خۆیدایە، بەڵام هیچ دڵنیاییەکی بۆ بەیانی نییە، سامان و دەستکەوتەکانی نەتەوەیەکیش ئەگەر نەپارێزرێن، هیچ دڵنیاییەکیان بۆ نەوەی داهاتوو نییە.ئەگەر بەستێنی مانەوە لە دەست بدەین، ڕەنگە بۆ داهاتوو هێشتا سەروەتمان هەبێت، باوەڕمان هەبێت، یادەوەریمان هەبێت و تەنانەت بڵێین:«من کوردم.»بەڵام ئیدی نەتوانین ئەوەی هەمانە، بۆ نەوەی داهاتوو بگوازینەوە.کەواتە پرسەکە تەنیا هەبوون نییە؛ پرسەکە، پاراستنی دەرفەتی هەبوونە بۆ داهاتوو.پرسەکە تەنیا لەناوچوونی جەستەیی نییە؛ مەترسییە قوڵەکە ئەوەیە کە تاک هەست بە هیچ بەرپرسیارێتییەک نەکات. ئەو کاتە دەڵێت «من کوردم»، بەڵام ناوەڕۆکی کوردبوونەکە پووچەڵ بووەتەوە.ئەوە خاڵی سەرهەڵدانی بەرپرسیارێتییە. ڕاستە ئێمە بارودۆخ و جوگرافیامان خۆمان هەڵمان نەبژاردووە؛ بەڵام ناتوانین لە ئاست کاردانەوەی خۆماندا حاشا لە بەرپرسیارێتی بکەین.لە مێژووی ئێمەدا، پێشەوا قازی محەممەد بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی ئەو فەلسەفەیە بوو. ئەو بارودۆخە سەپێنراوەی قبووڵ کرد کە خۆی هەڵی نەبژاردبوو؛ بەڵام قەت شانی لە ژێر باری بەرپرسیارێتی خاڵی نەکردەوە. دەیتوانی بڕوات، بەڵام مانەوەی هەڵبژارد بۆ پاراستنی گیانی خەڵک. ئەو سەلماندی: قەدەری سەپێنراو، پاساو نییە بۆ وازهێنان لە ئەرکی مرۆڤانە.بەرپرسیارێتی تەنیا لە ئەستۆی پارت و ڕێبەران نییە؛ لە تاکی کوردەوە دەست پێ دەکات:من بۆ زمان، فەرهەنگ، مێژوو و یادەوەریی کۆمەڵایەتیمان چیم کردووە؟ بۆ نەوەی داهاتوو چ میراتێک بەجێ دەهێڵم؟ئەزموونی مێژوویی نەتەوەکانی دیکە، وەک فینلەندییەکان و جوولەکەکان، پیشانمان دەدات کە پاراستنی ناسنامە تەنیا بە دروشم و ناوهێنان بەدەست نایەت؛ بەڵکوو پێویستی بە گواستنەوەی ئاگایانەی یادەوەری و زمان هەیە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر.ئێمە تەنیا میراتگری زمانێک نین؛ ئەمانەتدار و پاسەوانیشین.تەنیا میراتگری مێژوو نین؛ دەبێت بیناسین و بیگوازینەوە.تەنیا خاوەنی ڕابردوو نین؛ لە ئاست داهاتووشدا بەرپرسیارین.من کوردم کۆتایی پرسیار نییە؛ سەرەتای پرسیارە.کوردبوون ئەمانەتێکە بۆ داهاتوو.ڕەنگە گرنگترین جیاوازی هەر ئەوە بێت:«من کوردم» ناسنامەیەکە؛بەڵام:«من لە بەرامبەر کوردبوونەکەمدا بەرپرسیارم» هەڵبژاردنێکە✍بەشی لێکۆڵینەوی کوردناسیt.me/KurdologyK

