🔹گێڕانەوەی بەرپرسیارانە/٢ پەراوێزێکی کورت لە سەر بیرەوەرییەکان ✍یونس قوربانیفەر لە سەرەتای بڵاوبوون…
انتشار: 2026/07/30 10:52 UTCدریافت: 2026/08/02 04:02 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/02 04:02 UTC
🔹گێڕانەوەی بەرپرسیارانە/٢ پەراوێزێکی کورت لە سەر بیرەوەرییەکان ✍یونس قوربانیفەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی چێشتی مجێور، خۆم و هاوپۆلەکانم لە مەهاباد بە حەز و تاسەوە ئەم کتێبەمان دەست بە دەست دەکرد و دەمانخوێندەوە؛ بوونی هەژار لە کۆماری کوردستان، ژیانی پڕ لە…🔹گێڕانەوەی بەرپرسیارانە/٣پەراوێزێکی کورت لە سەر بیرەوەرییەکان✍یونس قوربانیفەرناتوانین ئینکاری ئەوە بکەین کە تێگەیشتنی گشتی لە بیرەوەری ئەوەیە کە نووسەر/ گێرەرەوە خەریکی گێڕانەوەی چرکەساتەکانی ڕابردوویە؛ ڕابردوو لە گەنجینەی زەینی خۆی دەردێنێ و بۆ زەمانی ئێستا ڕایدەگوێزێ. دیارە هەر لەو تێگەیشتنە ئەوەش جێی خۆی گرتووە کە ئەگەری ئەوە هەیە کە گێرەرەوە لە پڕۆسەی ڕاگواستنی ڕابردوو بۆ ئێستا، هەمیشە و هەموو کات کالای ڕابردوو بە ساخی ڕانەگوێزێت؛ جار ههیه کالای فەیک و درۆ بە جێگەی کالای ئۆرجینال بەرهەم دێنێ؛ هەر وەکوو ئەمیر قازی لە بیرەوەرییەکانی.جار هەیە هەمووی ڕاستییەکان باس ناکا؛ وەکوو نەوشیروان مستەفا لە باسکردنی ڕۆلی خۆی و مام جەلال لە زۆربەی ڕووداوەکانی یەکێتیدا. جاریش هەیە بە هەڵبژاردنی بێدەنگی، بەشێک لە ڕابردوو خامۆش دەکات هەر ئەو جۆرەی کە هەژار شەرەفکەندی بۆ رووداوەکانی 46_47 ئەو تاکتیکەی گرتۆتە بەر.ئەم تێگەیشتنە لە بیرەوەری هەڵە نییە، بەڵام ناتوانێت هەموو لایەن و توێژەکانی بیرەوەریمان بۆ شی وەکا. لە درێژەدا بە ڕوانگەیەکی جیاواز، چەند بیرەوەری ئاماژەپێدراو لە دوو یادداشتی پێشوو زیاتر شی دەکەینەوە.چێشتی مجێور؛ درێژەی سیاسەت، خوڵقاندەوەی مێژوو و کەرامەتی ئەویترلە هەندەران دانیشتووی، وڵاتەکەت جێهێشتووە و خۆت بە میراتگری کوردایەتی باوک و بنەماڵە دەزانیت. بۆیە دەستنووسی بیرەوەرییەکانی باوکت لە گەنجینەکەی خۆت دەردێنی تا بە نێوی چێشتی مجێور لە ئوروپا و کوردستان بڵاو بێتەوە. ئەوە ڕێک کارێک بوو خانی شەرەفکەندی لە ساڵی ( ١٩٩٧) لە پاریس کردی و کتێبە بڵاونەکراوەکەی هەژار شەرەفکەندی باوکی بڵاو کردەوه. لەو سەردەمەدا کە دیسکۆرسی ئەدەبی بە تەواوی زاڵبوو، بە جۆرێک کە تەنانەت باسی ئابووریش دەبوایە لە قوڕگی ئەدەبیات و ئەدیبەکان بێتەدەر، چێشتی مجێور دیارییەکی گڕانبەها بوو. بە تایبەت کە هێشتا حەڵقە و کۆرە ئەدەبییەکان لە فەزای دابەشکردنی هەڵبەست و پەخشان مابوونەوە. بە بڵاوبوونەوەی چێشت، ئێتر ئەوان پەخشانێکی بڵیندیان دەست کەوتبوو کە بە جۆرێک ڕەونەقی بازاری ئەدەب بوو.لەم ناوەشدا، پێشینەی سیاسی و کارنامەی نووسینی هەژاری کۆچکردوو پێشوازی لە چێشتی مجێور زیاتر کرد. بە واتایەک هەموو شتێک ئامادە بوو تا چێشتی مجێور پڕخوێنەر بێت دوای هەژاری خەییام، هەژاری بۆ کوردستان، هەژاری هەنبانە بۆرینە. ئێستاش هەژاری چێشتی مجێور. چێشتی مجێوری هەژار بۆ بەشێک لە ئەدیبان و هۆگرانی چێژبەخش بوو، ئێستاش دوای چەند دەیە لە بڵاوبوونەوەی خوێنەر و بیسەری هەیە. پادکەستی بۆ کراوە، کراوە بە زمانی فارسی و بە گشتی کتێبەکە بۆ بەردەنگی گشتی تا ڕادەیەک هەر جێگەی سەرنجە.بەڵام چێشتی مجێور بۆ بەرەی ئێستای خوێندەوار، خوێندکار، چالاک و ڕەوشنبیر کتێبێکە لە ڕیزی بیرەوەرییەکانی دی، کتێبەکە دەبێ لە بەستێنی فەزای سیاسی و فەرهەنگی دەیەی ١٩٥٠ تا ١٩٨٠ خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بۆ بەرەی ئێستا چێشتی مجێور کۆمەڵە قسەی هەڵبژاردەی نووسەر/ ڕووناکبیرێک نییە کە وەکوو تێکستی ئەندیشەیی هەڵسووکوتی لە گەڵ بکرێت، چێشتی مجێور درێژەی سیاسەت و ڕکابەرییەکانی هەژارە لە گەڵ بەرەی هاوچەرخی خۆی. دەگێڕنەوە کاتێک خانی، کوری هەژار شەرەفکەندی، ڕووبەرووی ڕەخنەی بەشێک لە خوێنەران بۆتەوە لە بابەت هەڵوێست و تۆمەتەکانی هەژار بە نیسبەت کەس و لایەنەکان، ووتویەتی ئەوانە شتێک نین لە بەرامبەر ئەو بەشانەی حەزف کراون و بڵاونەبوونەوە. واتا خانی لووتفێکی گەورەی نواندووە بەرامبەر بە کەس و لایەنەکان!ئەوە بە جۆرێک سەرەتای ڕەخنە سەرزارەکییەکان بوو بە نیسبەت هەژار و چێشتەکەی، دواتر شێرکوی کوری هەژار بە نووسینی کتێبی "هەژاری مڕۆڤ و دەوروبەری"، ڕەخنەکانی لە چێشت گەیاندە لووتکە. کتێبەکەی شێرکو، بە ئاشکرا و بێبەزەییانە هەژاری باوکی خستە بەر ڕەخنە، بە هەمان شێوەش ڕەخنەگران و لایەنگرانی هەژار بە توڕەیی و بێبەزەییانە وەڵامیان داوە. باسی شێرکۆ هەژار و ڕەخنە تووندەکانی بمێنی بۆ بابەتێکیتر، بەڵام هەموو ڕەخنەگران بابەتێکی زۆر جیددی و سەرەکیان فەرامۆشکرد؛ بیرەوەرییەکانی هەژار وەکوو ئاڵەکۆکی غەنی بلووریان، وەکوو " لە بری بیرەوەری"ی مەلا بەختیار، وەکوو گێرانەوەکانی حەسەنزادە، کەریم حیسامی و دەیان بیرەوەریتر دڕێژەی سیاسەت، درێژەی ڕابردوو و بە جۆرێک خوڵقاندنەوەی مێژوو بوو.درێژەی هەیە...


