☀️تاقانەزمانەوانی ئێرانی کە دە بەرهەمی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون (بەشی ۲)لە بواری فێرکاریی گش…
انتشار: 2026/08/11 07:35 UTCدریافت: 2026/08/12 12:01 UTCآخرین مشاهده: 2026/08/12 12:01 UTC
☀️تاقانەزمانەوانی ئێرانی کە دە بەرهەمی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون (بەشی ۲)لە بواری فێرکاریی گشتیی زمانەوانیشدا، د. سەفەوی خاوەنی شێواز و ڕێبازێکی تایبەتیی خۆی بوو؛ ئەمەش شتێکە کە زۆرێک لە پسپۆڕان لەسەری هاوڕان. هەرچەند لەم بوارەدا شوێنکەوتووی قوتابخانەی مامۆستای گەورەی خۆی، د. محەممەدرەزا باتینی، بوو، بەڵام بە بۆچوونی نووسەری ئەم وتارە، د. کوورش سەفەوی لەم بوارەشدا ـ هەروەک لە پەیوەستکردنی زمانەوانی و ئەدەب ـ توانیویەتی لە مامۆستاکەی پێش بکەوێت و شوێنەوارێکی تایبەتی خۆی جێبهێڵێت.فێرکردنی زانستێکی وەک زمانەوانی، کە زانستێکی قووڵ، فرەڕەهەند، خاوەندیسیپلین، بابەتییانە و نوێیە، ئیشێکی زۆر دژوار و هەستیارە و پێویستی بە زانست، ئەزموون، توانای تێگەیاندن و شێوازی فێرکردنی تۆکمە و تەکووز هەیە؛ تایبەتمەندیگەلێک کە د. کوورش سەفەوی بە تەواوی لێیان بەهرەمەند بوو.ئەو ئیشە لەڕادەبەدەر دژوارە و هەر کەسێک توانای ئەنجامدانی نییە؛ چونکە ئەوەی لەم بوارەدا دەنووسرێ، لە هەمان کاتدا کە دەبێ ساکار، پوختوپاراو و ڕەوان بێ، هەروەها دەبێ لە قووڵایی واتایی، دەوڵەمەندی و پڕناوەرۆکیی زانستی بەهرەمەند بێ و، بە بیانووی «ساکارنووسی» نەکەوێتە داوی نزمیی واتایی و بێناوەرۆکی.ئەم توانستە دەگمەنە، لە بواری زمانەوانیدا، تا ئێستا تەنیا لە بەرهەمەکانی دوو زانای گەورەدا دەردەکەون: د. باتینی و د. سەفەوی. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، د. باتینی لەم ڕێبازەدا پێشەنگ بووە، بەڵام سەفەوی بە هۆی داهێنان، ئافراندن، نوێکاری و توانای بێهاوتای خۆی، بێڕکابەر و بێهاوتا مایەوە.لە نێو هەموو ئەو کتێبە زمانەوانییانەی بە زمانی فارسی نووسراون، کەمتر بەرهەمێک دەبینرێ کە وەک بەرهەمە جۆراوجۆر و زۆرەکانی د. سەفەوی، لەم بوارەدا ئەوەندە سەرکەوتوو، کاریگەر، ئاماژەپێدراو و شێوازمەند و پڕناوەڕۆک بێ.شێوازی نووسینی د. سەفەوی لە زمانەوانیدا، شێوازێکی «سانای لەدەستنەهاتوو» (سهلِ ممتنع) بوو؛ لە هەمان کاتدا کە ساکار و پاراو و ڕوونن، هیچ جۆرە گرێوگۆڵ یان دابەزاندنێکی زانستییان تێدا نابیندرێ. نووسینەکانی هەم بابەتی خوێندنەوەی هەڕەمەی خوێنەران بوو و هەم لە لایەن پسپۆڕانەوە پەسەند دەکران. ئەم جۆرە سەرکەوتنە زۆر دەگمەنە و بە زاراوەی «النادر کالمعدوم»(دەگمەنی لەگوێن نەبوو) پێناسە دەکرێ.شێوازی وانەوتنەوەی د. سەفەوی ڕێک وەک شێوازی نووسینە زانستییەکانی بوو: ڕوون، پوختوپاراو، بێگرێوگۆڵ و سەرسووڕهێنەر لەباری تێگەیاندنەوە. من کە خۆم ساڵانێک قوتابیی ئەو بووم، یەکجاریش نەمدیت هیچ خوێندکارێک لە تێگەیشتنی ناوەرۆکی وانە زمانەوانییەکانی ئەودا تووشی کێشە بێ. بەڕاستی توانای فێرکردن و تێگەیاندنی، شتێکی پەڕجۆئاسا بوو.دووهەمین بەرپرسیاریەتیی گەورەی زانستیی د. سەفەوی، دروستکردنی پردێک بوو لە نێوان گوتاری زمانەوانی و گوتاری ئەدەب. لەم بوارەدا، بە هۆی شارەزایی و دەسەڵاتی بێهاوتای لە واتاناسی، نیشانەناسی، ژیربێژیی نوێ، شێوازناسی، هەروەها توێژینەوەی درێژخایەن، بەردەوام و قووڵ لە ئەدەبی کلاسیک و هاوچەرخی فارسی، توانی بەرهەمگەلێکی پڕبایەخ، پڕئاماژە و پڕخوێنەر لەم بوارە نێوانزانستییەدا بەرهەم بهێنێت.یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی بەرهەکانی ئەوەیە کە یارمەتی خوێندکاران، مامۆستایان و توێژەرانی ئەدەب دەدەن بۆ خوێندنەوە و لێکدانەوەی بابەتییانە و زمانەوانانەی دەقە ئەدەبییە کلاسیک و هاوچەرخەکان. هەر کەسێک لەم بەرهەمانە کەڵک وەربگرێ، بێگومان توانای لێکدانەوەی زانستییانە و زمانەوانانەی دەقە ئەدەبییەکانی ئەو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە.لەبەر ئەوەی زۆربەی خوێندەوارانی بواری ئەدەب نە دەسەڵاتی تەواویان بەسەر زمانە بیانییەکاندا هەیە و نە دەتوانن ڕاستەوخۆ بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە بنەڕەتییە زمانەوانییەکان، بەرهەمەکانی د. سەفەوی لەم بوارەدا جێگە و پێگەیەکی زۆر گرنگ، بێهاوتا و بێجێگرەوەیان هەیە.هەرچەند د. سەفەوی بەسەر چەندین زمانی زیندووی جیهاندا زاڵ بوو و نزیکەی شەست کتێبی چاپکراوی داهێنەرانە و وەرگێڕدراوی هەبوو و لە زانستەکانی وەک فەلسەفە، فەلسەفەی زانست، مێژووی زانست، ژیربێژیی نوێ، زمانەوانی، واتاناسی، نیشانەناسی، ئەدەب و ڕوونبێژی و ڕەوانبێژیدا دەسەڵاتێکی بەرزی هەبوو، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ خوێندکارانی مرۆڤێکی لەڕادەبەدەر خۆشخوڵق و خاکەڕا بوو. پرسیارەکانیانی بە گرنگ دەزانی و پێشوازی لێ دەکردن؛ باوەڕی وابوو کە هەر زانستێک، هەرچەندە ئاڵۆز و پسپۆڕانەش بێ، دەتوانرێ بە زمانێکی ساکار و ڕوون و پاراو بۆ بەردەنگ باس بکرێ.t.me/Midyafayl/978%E2%80%8F%E2%80%8C%E2%9… سەربەرزی@midyayserberzi

